بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکان؛ قازانجی سامسۆنگ کەمی کردووە و ئەپڵ هێشتا باڵادەستە


بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی (Yonhap News) کە دوێنێ بڵاوکرایەوە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیای سامسۆنگ پشکی %١٢.٩٩ ی قازانجی بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکانی بۆخۆی بردووە.
سامسۆنگ دەڵێت: “لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا مانگی ئازار، ١.٥٧ ملیار دۆلار قازانجی کۆمپانیاکە بووە”  کە ئەمەش بڕێکی کەم نیە، بەڵام هەواڵێکی دڵخۆشکەر نیە بۆ سامسۆنگ چونکە ڕێژەی قازانجی کۆمپانیاکە بە بەراورد بە هەمان کات لە ساڵی ڕابردوودا %٩ کەمی کردووە، چونکە ئەو کاتە ڕێژەی %٢١.٩ ی قازانجی بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکان پشکی سامسۆنگ بوو.
لە هەمان کاتدا کۆمپانیای ئەپڵ، گەورە ڕکابەری کۆمپانیای سامسۆنگ لە بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکان، ڕێژەی قازانجی لە هەمان ماوەدا ١٠.١ ملیار دۆلار بووە، بەمەش پشکی %٨٣.٤٤ ی قازانجی بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکانی بۆخۆی بردووە، لە کاتێکدا ڕێژەی فرۆشتنەکانی کۆمپانیاکە لە بازاڕە گەورەکانی وەکو چین و هیندستان بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە، بەڵام ڕێژەی قازانجی کۆمپانیاکە هەر زیادی چونکە لە ساڵی ڕابردوو لە هەمان ماوەدا پشکی کۆمپانیاکە لە قازانجی پیشەسازی جیهانیدا %٧٩.٨ بوو.
لە بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکاندا، لەکۆی ٣٠٠ کۆمپانیای دروستکەری مۆبایلی زیرەك، تەنها ١٠ کۆمپانیا قازانجێکی  گەورە و دڵخۆشکەر دەکەن، کە دەبێتە هاندەری کۆمپانیاکە بۆ بەردەوامبوون لە ڕکابەریەکان لە بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکاندا.
بەم پێیەش، دوو گەورە کۆمپانیای سامسۆنگ و ئەپڵ پێکەوە پشکی زیاتر لە %٩٦ ی قازانجی بازاڕی مۆبایلەزیرەکەکانیان بۆ خۆیان داگیر کردووە، لە کاتێکدا هەموو کۆمپانیاکانی تر کەمتر لە %٤٤ ـیان بەرکەوتووە.
لێدوان
0 لێدوان