فەیسبووک بەردەوامە لە بەکارهێنانەوەی تایبەتمەندییە تاکەکانی سناپ چات



وا دەردەکەوێت کە فەیسبووک بۆ جارێکی دیکە، تایبەتمەندیەکی دیکەی سناپ چات لەبەردەگرێتەوە بۆ ئەپە نامە بەرەکەی بە ناوی (فەیسبووک مێسنجەر)، لە ئێستادا فەیسبووک چاوی لەسەر تایبەتمەندی( Streak – زنجیرە)یە و بەنیازە ئەو تایبەتمەندیە بگوازێتەوە بۆ ئەپە نامەبەرەکەی.
لە بنەڕەتدا تایبەتمەندی Streak وەک یاریەک وایە، کە پێویستە دوو کەس هەموو ڕۆژێک نامە بۆ یەکدی بنێرن بەبێ دابڕان، لەبەرامبەردا ئیمۆجیەک لە پاڵ نامەکاندا زیاد دەبێت، ئەو ئیمۆجیەش ئاماژە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانە دەکات کە بەبێ دابڕان نامەتان بۆ یەکدی ناردووە، مەبەستی سەرەکی لەم تایبەتمەندیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو بەکارهێنەرەکەیە تاوەکو لە یەکدی دانەبڕێن.
لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە بۆ بەشێک لە بەکارهێنەرانی فەیسبووک مێسنجەر ڕەوانە کراوە بە شێوەیەکی تاقیکاری، تایبەتمەندیەکەش لە دوای دوو ڕۆژ چالاک دەبێت کە هەردوو بەکارهێنەرەکە بەبێ دابڕان و ماوەی دوو ڕۆژ نامە ئاڵۆگۆڕ بکەن.
لە ئێستادا ئەم تایبەتمەندییە لە ئەپی نامەبەری فەیسبووکدا، ئیمۆجیە جیاوازەکان بۆ هەر کەسێک کە لەگەڵیدا دەدوێیت پشان نادات بەڵکو تەنها یەک ئیمۆجی بروسکە پشان دەدات، بەڵام ئەمانە نابنە ڕێگر کە بلێین هەردوو تایبەتمەندیەکە جیاوازن، لە هەر بارودۆخێکدا بێت فەیسبووک تۆمەت بارە بە بردنی ئەو تایبەتمەندیە لە سناپ چاتەوە.
ئەمە یەکەم جار نیە کە فەیسبووک تایبەتمەندیەکانی سناپ چات بەکاربهێنێتەوە و ڕەنگە کۆتا جاریش نەبێت، لە پاش بردنی تایبەتمەندی ستۆری بۆ مێسنجەر و ئینستاگرام، کۆمەڵێک لە فلتەرەکانی ڕووخسار و کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکە، ئێستا تایبەتمەندی Streakیش چووە پاڵ تایبەتمەندیە دزراوەکانەوە لەلایەن فەیسبووکەوە، دوورنیە دوابەدوای فەیسبووک مێسنجەر، ئەم تایبەتمەندییە بۆ ئینستاگرامیش زیاد نەکات.


لێدوان
0 لێدوان

ليست هناك تعليقات