فرۆشی گالەکسی ئێس ٧ و ئێس ٧ ئێج ژمارەیەکی تری تێپەڕاند

هەرچەندە ئاشکرابوو کە مانگی پێشوو سامسۆنگ مۆبایلی گالەکسی ئێس ٨ ڕادەگەیەنێت بەڵام سەرەڕای ئەوەش خەڵکێکی زۆر لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەردوو مۆبایلی گالەکسی ئێس ٧ و ئێس ٧ ئێجیان کڕیوە و چاوەڕێی ئێس ٨یان نەکردووە.
بەپێی کۆمپانیای Strategy analytics لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ٧.٢ ملیۆن دانە لە مۆبایلەکانی ئێس ٧ و ئێس ٧ ئێج فرۆشراوە لە لایەن کۆمپانیا کۆرییەکەوە و بەمەش کۆی گشتی فرۆشی ئەو دوو مۆبایلە لە کاتی بەردەستبوونیانەوە ٥٥ ملیۆن دانەی تێپەڕاندووە، هەروەها لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا بەگشتی سامسۆنگ ٩٢.٨ ملیۆن مۆبایلی فرۆشتووە کە ٨٠ ملیۆنیان مۆبایلی زیرەکبوون و بەم شێوەیەش هەروەک ساڵانی پێشوو سامسۆنگ لە لوتکەی فرۆشدایە لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان لە جیهاندا

لێدوان
0 لێدوان